عومەر قازی
عومەری قازی، کوڕی وەهابی قازی لە 29-10-1934 لە شاری مەهاباد لە دایکبووە.
ئامادەکردنی: حەسەن قازی
کارنامەی سیاسی نەمر عومەری قازی بە نووسینی چەند لاپەڕە کۆتایی نایە، بە تایبەتی چالاکییەکانی لە پێوەندی نزیک لەگەڵ شەهید سولیمان موعینی ( فایق ئەمین) لە سەرەتای ساڵانی ١٣٤٠ هەتاوی دا کە زۆر جار لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگە هاتوچووی دەور و بەری سابڵاغ و موکریانیان دەکرد.
لێرە دا دەمەوێ چەند بیرەوەرییەکی کورت لە مەعنەوییاتی بەرزی ئەو ئینسانە کۆڵنەدەر و سەر بەرزە بگێڕمەوە کە چون لە سەختترین هەلومەرج و بارو دۆخی هەرە بە پەژارەش دا قسە خۆشی و جیدییەتی تێکەڵ یەک کردووە. لە سەر دەمی ڕێزیمی پاشایەتیدا ئەو کاتەی کاک عومەر لە زیندان بەر ببوو لە بەر هەڵبەسترانی سەدی سابڵاغ و وەبەر ئاو کەوتنی بەشێکی زۆر لە زەوی و زاری قازیاوا، دەوڵەت قەرەبووی دەدایەوە بەو خەڵکەی زەوی وزاریان وەبن ئاو دەکەوت.
میرزا وەهابی قازیش باوکی کاک عومەر تۆڵەی بۆ کرایەوە و بەو پارەیە وابزانم نیوەی سینەما ئومێدیان کڕی و کاک عومەر وەک مودیری سینەما دەست بەکار بوو.
کەسێک لە ئاشنایان لە حاڵ و ئەحواڵی دەپرسێ ئەویش وڵام دەداتەوە ئێستا ئەوە لە سینەما کار دەکەم” ئەگەر ئینقیلاب لێ گەڕێ ” دەگێڕنەوە پێشمەرگەیەک بە دەست پاسداران شەهید دەبێ و لە ڕێوڕەسمی ناشتنی دا لە بەیاننامەی ڕەسمی حیزبدا بە توندی هێرش دەکرێتە سەر ئەمپریالیزمی ئەمریکا و بە هۆکاری سەرەکی کووژرانی ئەو پێشمەرگەیە دادەندرێ، هەر لەو بارەیەوە وا بزانم لە سەر قەبران کاک عومەر دەڵێ: ” حەق عەلیمە ئەمپریالزمی ئەمریکا هەر روحیشی لە کووژرانی ئەو پێشمەرگەیە خەبەری نییە، ئەوە پاسدار کوشتوویانە ” دوای ئەوەی دەفتەری دەفتەری سیاسی حدکا دەگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی شاری بۆ مەبەستێک کاک عومەر و چەند پێشمەگەر بەرەو دەفتەر دەچن بەڵام هەر دەڕۆن و ناگەنە جێی مەقسەد و کاک عومەر لە بەر ماندوویی ڕییە ڕوو لە ڕەفیقەکانی دەکاو دەڵێ: ” برا ئەو کوردستانە زۆر دوور و درێژە، بە کەس ڕزگار ناکرێ”.
مەشهوورە کە کاک عومەر ئەو دەمی کە لە سابڵاغێ دەستڕۆیو بووە دانووی زۆر لەگەڵ توودەییەکان نەکوڵاوە و ڕۆژێک لەگەڵ یەکیان لێی دەبێتە دمەقاڵە و دەڵێ: ” دەت بەمە سەر چۆمی ئاراز و لەوێ توورت دەدەم بەرەو ” سۆسیالیزم” ”. کە بۆ ماوەیەکی کورت لە سوێد مایەوە ئەمن لەو مەجلیسە بووم کە یەک دوو کەس لەو کۆنە توودەییانە هاتبوونە دیدەنی وی و ڕەوتی ڕووداەکان هەر دوولای هێنابووە سوێدێ.
نەمر کەریمی حیسامی کە بۆ ماوەیەک لە نزیکەوە هاوکاری تەشکیلاتی هەببوو لەگەڵ کاک عومەر بە ڕێزێکی تایبەتییەوە باس لەو کاری هاوبەشە دەکا و کورتەیەک لە نووسینەکانی حیسامی لەسەر کاک عومەر دەکەمە تێهەڵکێشی ئەو باسە کورتە ”گەڕانەوەی کاک عومەری قازی بۆ ئێران. کاک عومەری قازی پاش ماوەیەکی زۆر زیندان و ئەشکەنجە و ئازاری بە دەستی حکوومەتی ئاخووندی دەرباز ببوو، گەیشتبوە کوردستانی عێڕاق.
وەک بۆی باس دەکردم مانەوەی لە عێڕاقیش زۆر لە ژیانی زیندانی کۆماری ئیسلامی خۆشتر نەبوە. هەر چۆنێک بوو کاک عومەر گەیشتە سوێد. بەو بۆنەیەوە ماوەیەکی زۆر لە مەهاباد پێکەوە لە تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکڕاتدا هاوکار بوووین و دۆستایەتیمان لە برایەتیشی تێپەڕاند بوو ( بڕوانە لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی شەشەم کەریمی حیسامی) لە سوێد زۆر جار یەکترمان دەبینی و ئەگەر ڕۆژێک یەکترمان نەدیبایە تەلەفۆنی دەکرد و دەیگوت: ” لە کوێی؟ کەسم وەک تۆ دەست ناکەوێ دوو قسەی خۆمانەی لەگەڵ بکەم.”
کاک عومەر پڕۆژەیەکی هەبوو کە ژیانی زیندان و ئازار و ئەشکەنجە و سەر بردەی خۆی بنووسێتەوە. بە داخەوە خێزانی کاک عومەر تووشی نەخۆشی شێر پەنجە ببوو. پاش ئەوەی لە سوێد نۆژداری کرا،ئیتر هیوا بە ژیانی نەما بوو دەیویست بچێتەوە لە وڵات ماڵاوایی لە نیشتمان و کەس و کاری بکات . ئەو مەسەلەیە بۆ کاک عومەر ببوە داخ و دەردێکی بە ژان و قورس.دامابوو لەگەڵ خێزانی بچێتەوە زیندانێکی سەر ئاواڵە و بەر فراوانی وەک ئێرانی ئێستا، یا خێزانی بە تەنیا بنێرێتەوە و خۆی لە سوێد بمێنێتەوە.
ڕۆژی ٢٢/٤/٩٥ تەلیفونم لێکرد گوتم با بچین لە رەستورانێکی چینی نانێکی باش بخوین. گوتی جا ئەو سەگبابانە نانیان هەیە؟ قەتم لە بیر ناچێ لە سەر نانخواردن کاک عومەر گوتی: ” کاک کەریم تووشی ئاستەنگێکی دژوار بووم هیچم بۆ ناکرێ مینا خانم تازە تەواو بوە. دەزانێ ناژی. پێ – شی داگرتوە بەم حاڵە پچێتەوە مەهاباد . دەزانم ئەگەر ماوەیەک ڕاوەستێ، تەواو دەبێ بەڵام بۆ گەڕانەوە بە پەلەیە، ناشتوانم تەنیا بینێرمەوە، هەر چەند لەوێ کەس و کاری هەنە و پێشوازی لێدەکەن. بەڵام ئەگەر بە تەنیا بچێتەوە، بۆ من دەبێتە داخ و دەردێک هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە و بەرم نادا. ” گوتم بەڵکوو منداڵەکان ڕازی بکەن کە بۆ گەڕانەوە تاڵووکە نەکات. با لێرە لە کن منداڵەکان بێ.
گوتی فایدەی نییە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە .منیش دڵم بڕوانادا هیچی پێ بڵێم. پێم خۆشە تۆ کە سەری دەدەی، بە جۆرێک حاڵی بکەی کە گەڕانەوە هیچ دەردێکمان دەوا ناکات. بەڵکوو بە قسەی تۆ قەناعەتی بێت. ڕۆژی دوایی لەگەڵ دایکی کەماڵ چووینە سەردانی لە خەستەخانەوە بردبوویانە شوێنێکی حەسانەوە کە پاش برینکاری هێندێ نەخۆشی لێدادەنێن . زۆر بە پارێز لەگەڵم باس کرد. دیار بوو بڕیاری گەڕانەوەی دابوو.
قسەکانی کاک عومەر و بار و دۆخی ژیانی ئەوان کاری تێکردم و زۆر ناڕەحەت بووم. ئەو کاک عومەرەی ئازا و بە هیممەت و بە شەخسییەت بە دەست چارەنووسێکی تەماوییەوە داما بوو هیچی بۆ نەدەکرا.
ڕۆژی ٢٧/ ٤/ ٩٥ چووینە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم کە کاک عومەر و مینا خانم بەڕێ بکەینەوە. گەلێک لە دۆست و برادەران تەنانەت لە شارەکانی دیکەشەوە هاتبوون بەشداری لەم ڕووداوە داخدارە دا بکەن.
تەم و خەفەت بە سەر برادەرانی بەشدار بوو دا باریبوو. هەوەڵجار بوو عومەری قازیم دەبینی لە کاتی ماڵاواییدا ئاوی لە چاوان بگەڕێ. تۆزێک بەوە هاتمەوە سەر خۆ کاتێ دایکی کەماڵ دیارییەکی بچووکی دۆستانە و برایانەی لە پاکەتێکدا بۆ میناخانم دا بە کاک عومەر و ئەویش سوپاسی کرد. نازانم برادەرانی دیکە، بەڵام بە ڕاستی ئێمە چەند ڕۆژ ئەو دیمەنە داخدارەمان لە هزر و بەرچاو بزر نەدەبوو.
پاش ماوەیەکی کەم خەبەر هات کە مینا خانم دوور لە منداڵەکانی سەری ناوەتەوە وکاک عومەری قازی ئەمجارە بە داخ و کەسەرێکی زیاترەوە بە تەنیا لە مەهاباد ماوەتەوە.
لە سوێد دۆست و برادەران و منداڵەکانی ١١ /٦/ ٩٥ پرسە و سەرە خۆشیان بۆ مینا خانم دانا و بەم هاودەردییە ڕەنگبێ خەم و خەفەتی کچ و کوڕەکانی نوۆزی کەم بووبێتەوە. بەڵام بێگومان بۆ کاک عومەر کارەساتێکی دڵتەزێن بوو و زەحمەت لە بیر بچێتەوە.
[ کەریمی حیسامی، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی یانزدەهەم ١٩٩٥-٢٠٠١، ستۆکهۆڵم ٢٠٠١]
ئەو بەسەرهاتەی نەمر کەریمی حیسامی ئاوا بە قەڵەمە بە بڕشتەکەی دایڕشتووە لووتکەی کەرامەتی ئێنسانی دەنوێنێ لە کەسایەتی ئینسانی گەورەی لەدەست چوو عومەری قازیدا.
لە کاتژمێر 17:30 چرکە لە رێکەوتی20-04-2022 عومەر قازی هاوسەری کۆچککردوو، (مینا گەنج عەلی) و باوکی هەڵالە، کامەران، شیرن و سۆران قازی کۆچی دووایی کرد.