ئوتێل فەرە‌‌‌‌ح

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کەوتووەتە ناوەندی شاری سلێمانیی و لە خوار مزگەوتی گەورەی سلێمانیوەیە کە لە ئێستادا بە (بەربەلەدییەکە) ناسراوە. لەکاتی خۆیدا، لە لەلایەن چەند وەستایەکی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە دروست کراوە و میوانخانەیەکی نموونەیی بووە و لەزۆربەی شار و گوندەکانەوە ڕوویان تێ کردووە.

هەڵە کاتی درووست‌کردنی هێما: ون‌بوونی پەڕگە

لە جاراندا، لە بەردەم میوانخانەکەدا گەراجێک ھەبووە و بەرامبەریشی خان بووە. ئەو کەلوپەلانەی لەشوێنی دوورەوە بۆ شار ھێنراون، لەو گەراجە داگیراون و ئەسپ و مایینەکانیش خراونەتە خانەکەوە و میوانەکانیش لە میوانخانەکە ماونەتەوە.

سەبارەت بە مێژووی دروستکردن و ھۆی ناولێنان و خاوەندارێتییەکەی، بۆچوونی جیاواز ھەیە:

ھەندێک پێیان وایە ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە، یەکەم میوانخانەی شارەکە نەبێت، ئەوا یەکێکە لە کۆنترین میوانخانەکان و لەساڵانی بیستی سەدەی پێشووەوە دروست کراوە. بۆچوونی ئەوە ھەیە کە ناوەکەی لە (فندق فرەح)ی شاری بەغدادەوە وەرگیرابێت و بەڵگەشیان ئەوەیە کە مێژووی درووستبوونەکەی پێش ئوتێل فەرەحە و لەلایەن ئەو ھاوڵاتییە کوردانەوە سەردانی کراوە کە لە سلێمانییەوە چوونەتە بەغدا و لەوێ ماونەتەوە...

سەبارەت بە خاوەندارێتییەکەشی دوو بۆچوون ھەیە، ھەندێک دەڵێن موڵکی (قادر چاو جوان) بووە و ھەندێکی تریش پێیان وایە موڵکی (سەعید مارف) و (حاجی تۆفیقی تازە دەوڵەمەندی باوکی جەمال نەبەز)ی نووسەر بووە. مامۆستا جەمال نەبەز ئەوەی پێ ڕاگەیاندین کە ئوتێلەکە لەسەرەتادا موڵکی ھاوبەشی باپیری کە دەکاتە (محموود ئاغای دزەیی) و (میرزا مارف) بووە و پاش کۆچی دوایی مەحموود ئاغا و میرازا مارف موڵکدارێتییەکەی بۆ کوڕەکانیان گوازراوەتەوە و بووە بە موڵکی باوکی جەمال نەبەز و میرزا سەعیدی میرزا مارف و پاش کۆچی ئەمانیش موڵکدارێتییەکەی بۆ فرەبەشێتی ھەردوولا ماوەتەوە...

ھەروەک مامۆستا (عەبدولڕەقیب یوسف) زانای کۆنینەناس ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم ئوتێلە شوێنەواری کۆنی ھونەری کوردی تێدایە و ھەق وایە بکرێتە موڵکی حکوومەت و بپارێزرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەموو موڵدارانی ئێستای ئەم میوانخانەیە ڕازی نەبوون حکوومەت ھەڵیبگرێتەوە و بەشێکی بەشداران لەوانە (نیعمەت)خانی خوشکی جەمال نەبەز ڕازیبوون بەشێک لە ئۆتێلەکە پێشکەش بە حکوومەت و خەڵکی شارەکە بکەن و بەھەمان شێوەی جارانی نۆژەن بکرێتەوە.

لەئێستاشدا لایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانییەوە ھەڵگیراوەتەوە و بەشێوەیەکی جوان و زانستی بنیاتنراوەتەوە.[١]

  1. ↑ سه‌رچاوه‌: گفتوگۆی ڕێبوار حەمەتۆفیق له‌گه‌ڵ د. جەمال نەبەز