ئیدمۆندس
ناوی (سیسیل جۆن ئیدمۆندس)ه CECIL JOHN EDMONDS
(١٨٨٩- ١٩٧٩) ژیاوه. کارگێڕ و ڕاوێژکاری سیاسیی بریتانیا لە ئێراق بووە. لە ژیانیدا، دوو جار سەردانی باشووری کوردستانی کردووە، یەکەمیان ساڵی ١٩١٨ و وەک کارگێڕی سیاسیی و ڕاوێژکاری حکومەتی کۆلۆنیالی بریتانیا لەسوپادا و دووەمیان ساڵی ١٩٣٥- ١٩٤٥ وەک ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئێراق.
ئەگەرچی کاری سەرەکی ئیدمۆندس بە نووسینەوەی مێژووی دیبلۆماسی کێشەی ویلایەتی موسلڕ تایبەت بووە کە لە نێوان حکومەتی بریتانیا و تورکیا ھەبووە، بەڵام لەنزیکەوە و وەک شارەزایەک، دیاردە و کەلەپووری کوردی خوێندووەتەوە و لەچەند ڕەھەندێکەوە تیشکی خستووەتە سەر ژیانی کوردەواری نیوەی یەکەمی سەدەی بیست.
لە کۆکردنەوەی زانیارییەکانیی و ڕاپۆرتەکانیدا، جگە لە پشتبەستن بە ڕێبازی مەیدانی، کەڵکی لە بەڵگەنامە و کتێب و وتاری چەند گەڕیدەیەکی تر بە تایبەت (مێجەرسۆن) وەرگرتووە، چونکە دوای ئەوەی مێجەرسۆن دەست لەکارەکەی ھەڵدەگرێت، ئیدمۆندس جێگەی دەگرێتەوە، ھەروەھا لە تۆمارە مێژووییەکانیدا، ئاوڕی لە دەیان سەرچاوە بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی، داوەتەوە و ئەوەشی ئەم کارەی زۆرتر بۆ ئاسان کردووە، شارەزایی بووە لە ھەموو ئەم زمانانەدا.
بەرھەمەکانی ئیدمۆندس لە بورای کوردناسیدا:
١- بە ھاوکاری لەگەلڕ (تۆفیق وەھبی)دا یەکەم کەس بووە کە لەسەر ڕێنووسی کوردی بە تیپی لاتینی نووسینی ھەبێت و دوو بەرھەمی لە ئەم بوارەدا ھەیە: ئ/ وتاری (چەند پێشنیارێک بۆ بەکارھێنانی ڕێنووسی کوردی بە تیپی لاتینی) لە گۆڤاری (کۆڕی شانشینی ئاسیا، لەندەن، ١٩٣١)دا بڵاوکراوەتەوە. ب/ وتاری (چەند پێشکەوتنێک بۆ بەکارھێنانی ڕێنووسی کوردی بە تیپی لاتینی) لە گۆڤاری (کۆڕی شانشینی ئاسیا، لەندەن، ١٩٣٣)دا بڵاوکراوەتەوە.
٢- کتێبی (کورد تورک عەرەب): ئەگەرچی ناوەرۆکی گشتی ئەم بەرھەمە، وەک ڕاپۆرتێکی سیاسی لەسەر ناوچەکە دەردەکەوێت، بەڵام لەچەند لایەنێکەوە دەچێتە خانەی کوردناسییەوە، وەک دیاریکردنی: بنەچەو نەژادی کورد، جوگرافیای کوردستان، زمان و دیالێکتە کوردییەکان، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی، تۆرەمەنامەی ژمارەیەک لە بنەماڵەو شێخ و سەیدەکانی کورد، پێگە و جۆری چەند ھۆز و عەشیرەتێکی کورد، شوێنەوار، دابونەرێتی میوانداریی، ڕێزگرتن، پێگەی ئافرەت و چەند بابەتێکی تر.
بەشێک لە تۆمارەکانی:
١. زۆربەی دانیشتوانی چیای شەنگار، کوردی ئێزیدیین کە بەھەڵە (شەیتان پەرست)یان پێ دەڵێن.
٢. بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی کوردەکانی ئێراق ٩٠٠٠٠٠ کەس بوون. ژمارەی کوردەکانی تورکیاش بەتەنھا دەکاتە کۆی کوردەکانی ئێران و ئێراق و لە دوو ملیۆن کەس پترن. لەساڵی ١٩٢٥دا، نفووسی سلێمانی ١٠٠٠٠ کەس بووە، ٩٠٠٠ موسوڵمان، ٧٥٠ جولەکە و ١٢٠ کەسیش مەسیحی.
٣. پێڵاوی کوردی دوو جۆرە: کەوشی چەرمی بآ پاژنە، کە نوکی ھەڵگەڕاوەتەوە، ھەروەھا کڵاش کە تەختی ژێر پەڕۆی کۆنەیە و سەری قەیتانە.
٤. کوردەکان بەشێوەی ئاسایی خەنجەر ھەڵدەگرن و لە پشتێنی دەنێن و ھەندێ جار تەسبیح لە دەسکەکەی دەئاڵێنن.
٥. حاجی قادری کۆیی یەکەم پێشەوای ناسیونالیستی کوردە.
٦. کوردەکان ڕێزێکی زۆر لە بەرامبەر دەگرن. بەمەبەستی ڕێزلێگرتن، سەردادەنەوێنن. لە ھەڵەبجە، لەلایەن شێخەکانی نەقشبەندییەوە، وەک ڕێزی میوانداری، ھەندێک حەڵوای گەزۆ و جوتێک گۆرەوی جوتێک کڵاشیان لە دەسڕێکی ئاوریشمدا پێشکەش کردم.
٧. خەڵکی سلێمانی بۆ زیندووکردنەوەی جەژنی نەورۆز، ڕوو لە کانییەکانی سەرچنار دەکەن و لەوێش ھەندآ ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن. بەگشتی ئەم ئاھەنگ گێڕانە، لە ھەموو شار و گوندەکانی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی ٢-٧ شەو و ڕۆژ، لە دەرەوەی شار بەسەر دەبەن.
٨. کوردەکان زۆریان ئارەزوو لە داتاشینی ناوە. ناوی ھەندێ لە گوند و ئاوەدانییەکان چیرۆکێک لە پشتیانەوە ھەیە. ھەرچی نازناوی (ئاغا، بەگ)ـە، لە بناغەدا تورکیین و دەخرێنە پالڕ ناوی ئەو کەسانەی کە باوکیان یان باپیریان پاشای عوسمانی بوون. جاروباریش دەخرێنە پالڕ ناوی کەسانی حوکمڕان. نازناوی (خان)یش ئێرانییە و لەدوای داگیرکردنی بەغدا لەلایەن (سوڵتان مورادی چوارەم)ـەوە لە کوردستاندا بڵاوبووەتەوە.
٩. بەپێچەوانەی ھەندێ گەشتیارەوە، زمانی کوردی شێوەیەکی تێکەلڕ نییە لە زمانی فارسی، سەرەڕای ئەوەی کە پەیوەندی خێزانی زمان لە نێوانیاندا ھەیە. بە بڕوای ئیدمۆندس، جیاوازییەکی زۆر لەلایەنی جوگرافیی و مێژووییەوە لە نێوان زمانی فارسیی و زمانی کوردیدا ھەیە و لەزۆر بابەتی وەک: فۆنۆلۆژیی و مۆرفۆلۆژیی و ڕێزماندا جیاوازن. ھەروەک چۆن پێی وایە گۆرانی کوردی لە گۆرانی فارسی جیاوازە. سەبارەت بە بوونی چەند شێوە و دیالێکتێکی زمانی کوردی، ھۆی سیاسی بە فاکتەر دەزانێت.
١٠. ژنی کورد، زۆری لەلا ئاساییە کە لەھەر شوێنێک بێت، بەبێ شەرم، پێشەوازی لە دۆستی خێزانەکەی بکات و لە نەریتی میوانداریدا، ھاوشانی پیاوەکانن و پەچەو باڵاپۆش "حیجاب" ناپۆشن. لە کۆڕو کۆمەڵدا بە ئازادی دادەنیشن. لە گوندەکاندا، بەچەشنی ژنانی وڵاتانی دراوسێ، ژنی کورد ژیان و ڕۆژێکی خۆشیان نییە و گشت کارە گران و بەئەرکەکانیان لەسەر شانە. لە ئەم گۆشە نیگایەوە، ئیدمۆندس ئاماژە بە ناوی چەند ژنێک دەدات، کە لە باری سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا پێگەیان ھەبووە، وەک: عادیلە خانم، ئاغاژن، فەقی عارف، فاتمەخان...، بەڵام ئاماژە بەوەش دەدات کە نەریتی ژنھەڵگرتن و ڕەدووکەوتنی کچ لەگەلڕ پیاوی دڵخوازدا، لەلای چەند عەشیرەتێک باوە.
١١. ھۆزەکانی کورد، ئاژەڵەکانیان لەناو دەربەند و ئەشکەوتەکاندا دەشارنەوە، چونکە دەیانەوێت ژمارەی ڕاستەقینەی ئاژەڵەکانیان نەدەنە لایەنە فەرمییەکان و ئەوانیش باجی زۆریان لێ وەرگرن.
١٢. ھۆزە کۆچەرییەکانی کورد، بەھەزاران سەر مەڕ و بزن و چەند گوێدرێژ و ھێسترێکەوە، لە ساڵێکدا دوو جار، سەروخوار، گەرمیان و کوێستان دەکەن و لە شوێنێکدا جێگیر نابن.
١٣. جلوبەرگی عەرەبەکان کاریگەرییان لەسەر جلوبەرگی کوردی باشوور داناوە، بۆ نموونە پۆشاکی (کەوا) کە لەژێر کاریگەری عەرەبەکاندا کوردەکان بەکاریان ھێناوە.