شەخسەکانی ناو شاری سلێمانی
شەخسەکانی ناو شاری سلێمانی
لە ناو شاری سلێمانییدا، ژمارەیەکی زۆر لە شەخس و شوێنی پیرۆز ھەیە. لە ڕۆژگارێکدا ئەم کەسانە، پیاوی ئایینی گەورە بوون و پاش کۆچی دواییان، لەلایەن خەڵکانەوە، شکۆیان لێ نراوە و گۆڕەکانیان بووە بە شوێنێکی پیرۆز و لە ھەستی ئایینیی و کۆمەڵایەتییەوە و نەوە دوای نەوە، بوونەتە جێی باوەڕ و لەلایەن ئیماندارانەوە بۆ مەبەستی جیاواز سەردانیان دەکرێت. زۆربەی گۆڕی شەخسەکان، دوورن لە گۆڕستانی خەڵکانی ترەوە و قسنیان بۆ کراوە و لە ژێر دارێکدان. ھەریەکەیان، بەپێی جۆری ژیانی خۆیان، یان باوەڕ و نەریتی خەڵکی پێیان، سەردانەنیان دەکرێت و بۆ مەبەستی جیاواز و لە مەراسیمێکی تایبەتدا داواکارییان لێ دەکرێت و نیازیان پێ دەگیرێتەوە. بۆ نموونە: شەخسی پیرمەسوور وا باوە کە بۆ چارەسەری نەخۆشی (لەرزوتا) و (شەخسە فەقیرە) بۆ نەمانی (ئازار)ی لەش و (شێخ ئەبوبەکر) بۆ نەخۆشی فێ و شێتی و (شەخسی پیری کۆکە) بۆ نەخۆشی (کۆکە ڕەشە) باشن...
بڕوای باو بۆ وەرگرتنی نیاز و گرتنەوەی بەخت لەلایەن ئەم شەخسانەوە ئەوەیە کە بەردێکی بچووک بلکێنرێت بە کلێلەکەیەوە و ئینجا نیاز بخێتە دڵەوە، ئەگەر بەردەکە نەکەوتە خوارەوە، مانای ئەوەیە کە بەخت و نیازی دلڕ وەرگیراوە و بە پێچەوانەشەوە، وەرنەگیراوە. لێرەدا، ئاماژە بۆ ناو و شوێنینی چەند شەخسێک دەکەین:
• کاک ئەحمەدی شێخ: کوڕی شێخ مارفی نوێییە. مامۆستا و مودەریسی خوێندنگەی مزگەوتی گەورە بووە. گۆڕەکەی لەناو مزگەوتی گەورەدایە و ڕۆژانە و تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە موسوڵمانانی ناو شار و دەروە و تەنانەت وڵاتانی دراوسێشەوە سەردانی دەکرێت.
• پیرمەسوور: کەوتووەتە باکوری شارەوە. گۆڕێکە لەژێر پیرەدارێکدایە و چواردەوری بە دیوار گیراوە. لەلایەن زێوانەکەیی و خەڵکانەوە خزمەتی دەکرێت. (نالی) شاعیر لە چامەکەیدا باسی دەکات و دەڵێت: داخۆ دەروونی شەق نەبووە پردی سەرشەقام پیر و فتادەتەن نەبووە داری پیرمە سوور؟
• شەخسەکەی شێخ محەممەدی بروسکە: بەرامبەر مزگەوتی مەولانا خالیدی نەقشبەندییە. بۆ گرتنەوەی بەخت، کوڕان و کچان ڕوویان تێ کردووە.
• پیرمیکایل: کەوتووتە ڕۆژھەڵاتی سلێمانییەوە و نزیک پردی ھۆمەرە کوێرە. لەبەر ئەوەی کە ئاوی لێوە نزیک بووە، جگە لەوەی بۆ زیارەت سەردانیان کردووە، بووە بەشوێنی سەیرانگا. (فایەق بێکەس) لە دێڕە ھۆنراوەیەکدا باسی دەکات و دەڵێت: پیر میکایل ببینە دڵگیر و خۆش و شینە
• شێخەباس (شێخ عەباس): دەوترێت یەکێک بووە لە کوڕەکانی شێخ عیسای بەرزنجە. کەتووەتە سەر ڕێی (قەرە تۆغان) بەرامبەر بە ماڵەکانی گەڕەکی وڵوبە. سەیرانکەرانیش ڕوویان لێ کردووە. دواتر چووتە سنووری گەڕەکی جوولەکانەوە و دوای ھاتنی عوسمانییەکانیش دارەکەیان بڕیوەتەوە و نەماوە. نالی بیرەورەی خۆی لەگەلڕ ئەم شوێنەدا ھەیە و لە چامەکەیدا دەڵێت: ئێستەش بە بەرگ و دارە عەلەم داری شێخەباس؟ یا بێ نەداووبەرگە، گەڕاوە بە شەخسی عوور؟
• شەخسە فەقیرە: دوو شەخسە فەقیرە ھەبووە، یەکەمیان: لای قاوەخانەی سەرچیمەنەوە بووە و دووەمیان: کەتبووە نزیک کارێزی دارۆغاوە. ناوەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە کاتێ زیندوو بووە، ھیچی لە خەڵکی وەرنەگرتووە.
• شێخ ئەحمەدی ھیندی: کە تووەتە باکووری سلێمانییەوە لە گەڕەکی کارێزەوشکە. گوایە لای مەولانا خالیدی خوێندویەتی و لەبەر خۆشەویستی بۆ تەریقەتی نەقشبەندی کە لە ھندستانەوە ھێنراوە، بە ھیندی ناوی دەرکردووە.
ھەروەھا دەیان شەخسی تریش ھەبوون، لەوانە، شەخسەکانی: (ھۆمەر مەنگان) لە گەڕەکی ھۆمەرمەندان، (ئەسحابە سپی) لەسەرەتای شەقامی نالی، (شێخ مستەفا) لە خوار کتێبخانەی گشتی ئێستا، (شێخ محێدین) بەرامبەر مزگەوتی حاجی جەمالی حاجی فەرەج، (شێخ مستەفا) لە سەرشەقام، (قازی بەنێ) لە گەڕەکی خەبات، (پیر مەحموود) لە پشتی مزگەوتی حاجی حان، (شێخ حەسەن) سەروو شەخسی پیرمەسوور، (شێخ جەعفەر) لە تەنیشت نەخۆشخانەی منداڵان و (شەخسەکەی ئابڵاخ) خوار ئامادەیی ڕۆشنبیر، ھەروەھا (شێخ ئەوڵا)، (شێخ محەممەدی بروسکە)، (مەلا خدر)، (شێخ فەتتاح)، (شێخ محێدین)، (کاک ئەحمەدی بۆنخۆش)، (شێخ بزوورگ)، (شێخ موحەممەدی ساڵەح) و (شەخسی سەید مەحموود) و بە دەیانی تریش کە زۆربەیان لە ئێستادا نەماون و سەردانیشیان کەم بووەتەوە.
سهرچاوهكان:
• شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی (بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی لە نێوان ساڵانی ١٧٨٤-١٩١٤) کۆکردنەوە و ساخکردنەوە و ئامادەکردنی: عبدالخالد ێابر (مامۆستا خالد)، چاپی دووەم، چاپخانەی (گرین گلوری) بەیروت، ٢٠١٠
• سلێمانی شارە گەشاوەکەم، جەمال بابان، بەرگی یەکەم، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، ١٩٩٢
• سلێمانی شارە گەشاوەکەم، جەمال بابان، بەرگی چوارەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٢