عەنکاوە
عەنکاوە (بە بە عەرەبی: عنكاوا, romanized: Ankāwā: ڕۆمانی: Ankawa، بە سوریانی: ܥܲܢܟܵܒ̣ܵܐ: ̆) شارۆچکەیەکە لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان.
دەکەوێتە ٨ کیلۆمەتر (٥ میل) لە باکووری ڕۆژاوای ناوەندی شاری ھەولێر. زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە کلدان و ئاشووریین، کە زۆربەیان پەیوەستن بە کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی.
عەنکاوە تاکە شارۆچکەی ھەرێمی کوردستانە کە ھیچ شارەدێی و گوندێکی نییە و کەوتووەتە ناو پارێزگای ھەولێرەوە.
ناوى "عەنکاوە":
سەبارەت بە ناوى عەنکاوە مشتومڕێکى زۆر هەیە و کۆمەڵێک بۆچوونی جیاجیا لەبارەیەوە وتراوە، لێرەدا بە کورتى ئاماژەیان بۆ دەکەین:
مامۆستا (حەننا رۆفۆ) لە کتێبی (لمحە عن عنکاوە.. ماضیها و حاضرها) پشتى بەستووە بە هەندێک سەرچاوەى ئاینى و پێى وایە, ئەو وشەیە لە سەرەتاوە بەم شێوەیە بووە: (عەمکاباد, عەمکا و عەمانۆئێل) عەمانۆئێلیش لە کتێبى پیرۆزى (تەورات) لە (سفر التکوین)دا بە ماناى (خودا لەگەڵ ئێمەدایە) هاتووە، ئەمە بۆچوونێكی هەڵەیە لەبەر دوو هۆ، یەکەمیان: مێژووى دروستبوونى ئەو گوندە لەگەڵ ئەو ئایەتە هیچ خاڵێکى پێوەندیداری تیا بەدی ناکرێ. دووەم: هیچ سەرچاوەیەكی ئاینى و نائاینى نییە ئاماژە بە گۆڕینى پیتى (م) بە (ن) بکات، واتە عەمکاوە – عەنکاوە.
گەر بە وردى بڕوانینە نووسراوە کڵێساییەکانى هەنکاوە و وتەى رۆژهەڵاتناسان یان هەر سەرچاوەیەکیتر، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە عەنکاوە لە عەمکاوە نەهاتووە و (ن) ئەسڵییە و گۆڕانى فۆنەتیکى یان مۆرفۆلۆژى بەسەردا نەهاتووە.
بۆچوونێكی تر هى دکتۆر (سەعدى المالح)ـە کە لە نامیلکەى (الرجل والفيل وملاحظات أخرى) کە خۆى لە شێوەى وەڵامێك بۆ کتێبەکەى مامۆستا "رۆفۆ” هاتووهتە کایەوە، پێى وایە کە عەنکاوە بە ماناى (عەما) هاتووە، واتە (باوک – برا – میلەت) بە زمانى کلدانى مەسیحى و (عەمکا – عەمکۆ) لەسەر کێشى ێلیوکۆ – یەلکۆ), ئەمەش چەند ناوێکى مەسیحین، بە هەمانشێوە عەنکاوەش وایە و لەوەش زیاتر مێژووى عەنکاوە بە مێژووى ئیمپراتۆریەتى ئاشوورى دەبەستێتەوە, ئەمەش لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە دەشێ بڵێین ێلیوکۆ بۆ ناوى کەسێک شیاو بێ وەك ناسناو، بەڵام هەرگیز بۆ (عەمکۆ) رێى تێ ناچێ. دواتر بوونى کۆ – بە (کاوە) کارێکى زەحمەتە و هیچ یاسا و دەستوورێکى رێزمانى کوردى رێى پێ نادات. ئەمە لە کاتێکدا (کاوە) لە کۆن و ئێستاى کوردى (مانا) بەخشە و ناوە.
بۆ راوەستان لە نێوان ئەم دوو بۆچوونهدا، دەڵێین:
عەنکاوە لە دوو وشەى لێکدراو پێکهاتووە، (ئەین + کاوە)، ئەین لە زمانى کلدانى مەسیحیدا بە ماناى (چاو) دێت، کاوە ناوێکى کوردییە و بە هەردووکیان ئەو ناوەیان پێک هێناوە. واتە "چاوى کاوە"، لەسەر (چاوەکە) دوو بۆچوون هەیە، یەکیان ئەوەیە کە (عەین) مەبەست لە چاوە، ئهویتریان دەڵێ: لە (کانى) ئاوەوە هاتووە، ئەمە ڕاستترە، چونکە تا ئێستا شوێنەوارى ئەو کانى ئاوە لە عەنکاوە ماوە و ریشسپى و کەسایەتییە ناودارەکان باس لەو چاوە دەکەوە کە چۆن بەهۆى ئەوەوە کشتوکاڵیان کردووە.
بۆ زیاتر روونکردنەوەى مەبەستەکەمان ئەم نموونانە دەخهینه ڕوو:
گۆڕینى پیتى (ع) بە (ئە) کارێکى ئاساییە و لە وشەى تریش بەدى دەکرێت، وەک عەقرە – ئاکرێ، عەزیز – ئازیز.
بۆ لێکدانەوەى وشەیەکى مەسیحى کوردى گوندى عەرمۆتە دەکەینە نموونە کە ئێستا واباوە دەڵێێن (هەرمۆتە).
عارد – مەوت – عاردى مەوت (ارظ الموت) خەڵکى دەشتى هەولێر بە (ئەرز) دەڵێن (عارد)و (مەوت) لە مەسیحیدا هەر بە مردن ناسراوە، واتا (عاردى مردن), ئەمەش بۆ خۆى مەسەلەیەکى ترە. هیچکام لە رۆژهەڵاتناسان و سەرچاوە ئاینى و فەرمانڕەوا سیاسییەکان (عەنکاوە) بە عەمکاوە، عەمکۆ، عەمکاباد ناو نەبردووە و هەر بە عەنکاوە ناوى دەبەن و تەنانەت لە بەکارهێنانى لە زمانى ئینگلیزیدا بە ئەنکاوە ناوى هاتووە "Ankawa".
هەموو نووسین و تێبینى رۆژهەڵاتناسان, تەنانەت بە نووسینى سەر بەردە دۆزراوەکان لەسەر ئەوە رێکكەوتوون کە ئەم شوێنە (مەسیحیىنشینە) و ئاماژەیان بە ئاشووریەتى خەڵکى عەنکاوە نەکردووە و بەهیچ شێوەیەك بە مێژووى ئیمپراتۆریەتى ئاشوورییەوە نەیانبەستووهتەوە، تەنانەت لە چەند شوێنێکدا وەک کورد باسیان لێوە کردووە، بەڵام کوردێکى مەسیحى.
لە گەڕان بۆ دەستنیشانکردنى مێژووى دروستبوونى ئەم شارە نووسینى ئەو بەردە دەکەین بە سەرچاوە کە تیایدا هاتووە, لە ساڵى (816)ى زاینیدا کڵێساى عەنکاوە چاککراوەتەوە. ئەگەر لە ساڵى (116)ى زاینى کڵێساکەى چاک كرابێتەوە, ئەوا پێدەچێ بەر لە 100 ساڵێك وە یان کەمتر دروست کرابێت، واتە لە نزیکەى 716ى زاینى و بەر لەو مێژووەش بە چەند ساڵێک ئەو شوێنە ئاوەدانى بەخۆوە بینیوە، واتە لە ساڵانى 650-700 زاینى. ئەو مێژووەیش زۆر جیاوازە لەو مێژووەى هەندێک لە ئاشوورییەکان لەسەرى کۆکن، گوایە بەر لە هاتنى ئاینى مەسیحى ئەو شوێنە هەبووە، ئەمەش دوورە لە ڕاستى. لەلایەکى ترهوه عەنکاوە بەپێى ئەو سەرچاوانەى پێشتر ئاماژەیان پێدان لەسەر ئەوە رێکكەوتوون کە عەنکاوە (گوندە، لادێیە و ئێستا شارهدێیه) و شوێنەوار و پاشماوەى ئیمپراتۆریەتى ئاشوورى تیادا بەدى ناکرێ، ئەوەى هەیە کۆمەڵێك شوێنەوارى ئاینییە وەك (مەزارەکان)ى (مەریامانێ، مارشمۆنى)، ئەمانەش مێژوویان هاوشانى مێژووى بڵاوبوونەوى ئاینى مەسیحییە و ناکرێ بە شارێکى گەورەى ئاشوورى لە قەڵەمی بدەین.
هەموو ئەو سەرچاوانە و واقیعى ئەمڕۆ ئەوەمان بۆ دەردەخات کە عەنکاوە شوێنێکى کشتوکاڵییە و سەرچاوەى داهات و دەسکەوتى زۆرینەى خەڵکەکەیەتى و پیشەى کشتوکاڵکردن و خۆخەریککردن بە کشتوکاڵهوه بەو شێوەیە پیشەى ئاشوورییەکان نەبووە، چونکە کشتوکاڵى عەنکاوە لەسەر ئاوى (باران)ـه و کشتوکاڵى (گەنم بە باران) دەکەن لە کاتێکدا شارستانى ئاشوورى ئەوەى بۆ بەجێهێشتووین کە ئاشوورییەکان لە نێوان ئاوى فورات و دیجلەدا ژیاون و کشتوکاڵیان بەو ئاوە کردووە.