مامەڕەزا
مامەڕەزا
برای شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵەیە ساڵی ١٩٠٥ لە شەدەڵە لە دایک بووە. دایکی ناوی ئامینەخانە و کچی شێخ عەبدولسەمەدی قازییە. پیاوێکی گەنم ڕەنگ، سەنگین، لەسەرخۆ، قسەخۆش و ڕووناکبیر بووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبیی و فارسیشی زانیوە. شارەزای مێژووی گەلەکەیی و ئەدەبیاتی کوردیی و فارسی بووە. پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەلڕ کەسایەتییە ناسراوەکانی سەردەمی خۆیدا ھەبووە و گفتوگۆی لەگەڵ زۆربەیاندا کردووە. لە ژیانیدا یەک جار ژنی ھێناوە و چوار کوڕی بەناوەکانی: شێخ مستەفا، شێخ حەمید و شێخ محەممەد و شێخ تەھاوە، ھەبووە.
مامەڕەزا لە ناو ناڕەزایەتی کەمینە و داواکاریی زۆرینەی ھەقەکاندا، وەک کەسایەتییەکی دیار و لێھاتوو، دەبێتە جێگەی متمانەی ھەقەکان و بە شێوەیەک لە شێوەکان، شوێنی شێخ دەگرێتەوە و ڕێکخستنی کۆمەڵی ھەقەکان لە ڕێکخستنێکی ئایینیی و تەریقەتییەوە، بۆ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی، فراوان دەکات و توانی لە ماوەی دوو ساڵدا کۆمەڵی ھەقەکان لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆکەوە بەشێوەیەکی نوێتر ڕێک بخات و چوارچێوەیەکی بەرنامە بۆڕێژکراویان بۆ دابنێت.
ساڵی ١٩٤٤ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دەستگیر کراوە و ڕەوانەی زیندانی گومان لێکراوە سیاسییەکان لە"عەممارە" لە بەشی خوارووی دیجلە کراوە. لە ئاکامی ئەم کارە، سەدان سەر لە موریدی ناوبراو، بەژن و منداڵەوە گوندەکەیان بەجێھێشت و بۆ نزیک بوونەوە لە شێخە گیراوەکەیان، سەفەرێکی پێنجسەد میلییان دەست پێکردووە. بۆیە ئینگلیز ناچاربوون کە مامەڕەزا ئازاد بکەن و ڕەوانەی ھەڵەبجەی بکەن. ئەم ڕووداوە بە (دارەقوڵە) بەناوبانگە.
ساڵی ١٩٤٦، مامەڕەزا بۆ پشتیوانی لە کۆماری کوردستان لە مھاباد چەند چەکدارێک دەنێرێتە کۆمارەکە و لە ڕێی ئەم چەکدارانەوە ئاشنایەتی لە نێوان ھەقەکان و قازی محەممەدیشدا دروست بووه. ساڵی١٩٦١ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە و کاکە حەمەی کوڕی جێگەی گرتووەتەوە.
پۆلەکان: کەسایەتی جۆری کەس: ناسراو رەگەزی کەس: نێر لەژیاندا ماوە: نەخێر نەتەوە: کوردوڵات - هەرێم: باشووری کوردستان