پەیامێکی نوێ لە ئیمراڵییەوە؛ ئۆجەلان نەخشەڕێگەی چارەسەری پرسی کورد دیاری دەکات

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
هەڵە کاتی درووست‌کردنی هێما: ون‌بوونی پەڕگە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، دیموکراسیی خۆجێیی فۆرمی سەرەکیی چارەسەرییە و پێویستە ئیرادەی گەل لە سەرجەم بڕیارە گرنگەکاندا بەشداری پێبکرێت، چونکە سەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەکان زەمینەیەکی بەهێزتر بۆ پرۆسەی چارەسەری و گفتوگۆی دیموکراتیک دەڕەخسێنێت.

ناوبراو لە زیندانی ئیمراڵییەوە پەیامێکی ئاراستەی کۆنفرانسی خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێیەکان کردووە و تێیدا هاتووە، لە مێژووی کۆمەڵگەکاندا دیاردەی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری ئاوا بووە، بەڵام بەهۆی سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندییەوە، ڕێگە لەبەردەم داخران و دروستبوونی گەلێک کێشە کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرفەتی دەربڕینی دیموکراتیک بە ناسنامە خۆجێییەکان بدرێت، زۆربەی کێشەکان بە شێوازێکی ئاسانتر چارەسەر دەبن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت مرۆڤ بکەوێتە ئەو هەڵە و چاوەڕوانییەوە کە سیستمە ناوەندیخوازە دژە دیموکراسییەکان بە ئاسانی خۆیان بگۆڕن، بەڵکو تێکۆشانی ڕێکخراو و بەردەوامی پێکهاتە کولتووری و خۆجێییە دیموکراتیکەکان دەبێتە بنەمای گۆڕانکارییەکان.

ئۆجەلان دەڵێت: "فۆرمۆڵی دیموکراسیی خۆجێیی و دەستوورێکی دیموکراتیک، دەبێتە ڕێگەی چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیانەی پرسی کورد؛ شادەماری تێکەڵبوونەوەی دیموکراتیکیش (ئینتیگراسیۆن) کە ئێمە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هەوڵی پەرەپێدانی دەدەین، هەر دیموکراسیی خۆجێییە."

بەگوێرەی پەیامەکەی ئۆجالان، پرسی کورد لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێییدا گەیشتووەتە قۆناخی چارەسەری، و دیموکراسیی خۆجێیی کە بە یاسا مسۆگەر بکرێت، تاکە فۆرمۆڵی ڕاستەقینەی چارەسەرییە، کە ئەمەش بۆ سوریا، عێراق و ئێرانیش پێویستییەکی حەتمییە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە لە 24ـی ئایاری 2026 نوسراوە، ئۆجالان تیشکی خستووەتە سەر گرنگیی پەرەپێدانی شارەوانیی گەلی کۆمۆناڵ و دیموکراتیک و ڕایگەیاندووە، ئەگەر گەل خۆی بە خاوەن بڕیار بزانێت، ئەوا ڕێکارە نادیموکراتیکەکانی وەک سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا ناتوانرێت بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت.

لە کۆتاییدا ئۆجەلان داوای کردووە کە شارەوانیی دیموکراتیک لە هەر شوێنێک بێت ڕێکخستنی کۆمەڵگە بکات و لەسەر ئاستی کۆمۆنی گوند و گەڕەکەکان سیستمێکی بەرفراوان پێکبهێنرێت، کە تێیدا گرنگیی تایبەت بە ژنان، منداڵان، گەنجان، پەروەردە، زمان، کولتوور، تەندروستی، ئابووری و دۆستی ژینگە (ئیکۆلۆژی) بدرێت و بەشداریی ڕاستەوخۆی گەل لە بەڕێوەبردندا بکرێتە بنەما.[١]

  1. سەرچاوە: هاوڵاتی