کرماشان
کرماشان (بە کوردیی باکووری: Kirmaşan، بە فارسی: کرمانشاە)، یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کرماشان لە وڵاتی ئێرانە.
بە پێ سەرژمێری ساڵی ١٣٩٥ی ھەتاوی، حەشیمەتی ئەو شارە نزیک بە ٦٥١، ٩٤٦ کەس بووە.
بەو بۆنەوە بە نۆیەمین شاری گەورەی ئێران و ھەروەھا گەورەترین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەبژێردرێ.
کرماشان گەورەترین شاری کوردنشین لە ئێران و گرینگترین شار لە ناوچەی ناوەندی ڕۆژاوای ئێرانە.
مێژووی پێک ھاتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی و ھەر لەو سەردەمەوە تا ھێرشی عەرەبەکان، وەکو دوویەمین پێتەختی ئیمپراتووریی ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان دا جێی سەرنجی حکوومەت بوو. لە سەردەمی سەلجوقیەکاندا کرماشان گەورەترین شاری کوردستان بوو و لە سەدەکانی ناوین بە ناوی قەرمیسین وەکوو یەکێک لە چوار ناوچەی عێراقی عەجەم ناسراو.
لەو سەردەمە بە عێراقی عەجەم، ویلایەتی کوێستان یان جەبالیان دەقۆت تا لەگەڵ ویلایەتی عەراقی عەرەب ھەڵە نەکرێتەوە.
وێلایەتی کوێستان یان عێراقی عەجەم لە شوێنی ناوچەی میدیای کۆنە کەوتبوو.
یازدە سەدە بە دوای ھێرشی عەرەبەکاندا، لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەکان لە ئێراندا دیسان شارەکە بووژایەوە و بە ھۆی کەوتنەوە لەسەر دوو ڕێگای ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا و ھەروەھا ڕێگای باکووری ڕۆژاوای ئێران بەرەو باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە و نزیکی بە بەغدا و کەربەلا گرینگی تایبەتی پەیدا کرد.
کرماشان لە بزۆتنەوەی مەشرووتەخوازیی ئێران بەشێکی زۆر گرینگی بوو و لە ماوەی شەڕەکانی یەکەم و دووھەمی جیھانی دا لە لایەن ھێزە داگیرکارەکانە داگیر کرا، بەڵام دوای شەڕ بەجێیان ھێشت. ئەم شارە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دا زیانی زۆری لێکەوت.
لە باکووری شاری کرماشان کێوی فەڕۆخشاد، لە باکووری ڕۆژاوای کێوی تاقوەسان، و لە باشوورئ ئەم شارئ کێوی کووسفید (کێوی سپی) ھەڵکەوتووە و کرماشان یەکێکە لە شارێگاکانی پەیوەندیی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا و ھەروەھا کۆنترین ڕێگا بۆ چین لە ئێران بەرەو مێزۆپۆتامیایە.
شاری کرماشان کەش و ھەوایێکی موعتەدیل و کوێستانیی ھەیە.
بە ھۆی ئەم کەش و ھەوایە بوو کە لە سەدەی چوارەمی زایینی کە دیەکەێکی بچۆک و خوەش کەش و ھەوا بوو لە لایەن ساسانەکان وەکوو پێتەختی دووھەمی ئیمپراتووریی ئێران ھەڵبژێردرا.
لەو سەردەمە کرماشان شوێنی خۆشگوزەرانیی شاکانی ساسانی بوو و باخەکان و کۆشکەکانێکی گەورە لەم شارە سازراو.
کرماشان ناوەندی وەرزێریی وڵاتی ئێرانیش ھەیە و زۆربەی ئابووریی ئەم شارە بە وەرزێری بەستراوە.
ھەروەھا تەرخانکردنی خواردەمەنی، سەنعەتی ساختەمانی و سەنعەتەکانی دەستکرد لە کرماشان لە سێ مانگەکەی یەکەمی ساڵی ١٣٨٨ی کۆچی ھەتاوی (٢٠٠٩ی زایینی)، ٩٪ی سەرجەمی تەرخانکردنەوەی وڵاتی ئێران بووە.
خەڵکی کرماشان بە زاراوەکانی کوردیی باشووری (کەلھوری)، کوردیی سۆرانی (زاراوەی ئەردەڵانی و جافی)، لەکی و ھەورامی قسە ئەکەن.
لە قوتابخانەکان و زانستگاکانی کرماشان تەنیا بە زمانی فارسی وانە دەدرێت و زمانی کوردی بۆ وانەخوێندنەوە قێخەیە.
وشەڕەتی کرماشان
پێشینەی ناوی کرماشان
کرماشانی ھەنوکەیی لە سەردەمەکانی جۆراوجۆری مێژوو خاوەنی ناوەکانێکی جیاواز بووە و ئەمە بە ھۆی گۆڕینی حکۆمەتەکان بووە.
یەکێک لە کۆنینەترین ناوەکانی ئەم شوێنە لە سەردەمی پاشایەتیی کاسییەکان بووە کە بەم مەڵبەندە ئێلیپییان گۆتووە.
لە سەرچاوەکانی سەردەمی ھەخامەنشی لە شارێک بە ناوی کامبادن یان کامبادنەیان ناو ھیناوەتەوە کە لە شوێنی کرماشانی ھەنووکەیی دادەکەوێت.
لە سەرچاوەکانی سەردەمی ساسانی ناو لە شاری کرمینشان و گلمیشەن ھاتووە.
پاش لە ئیسلام، ناوی شارەکە لە سەرچاوەکانی عەرەبی گۆڕاوە بە قەرماسین یان قەرمیسین، بەڵام بە دوای چەند سەدە دیسانەوە ناوەکانی کرمانشاھان و کرمانشاھ نووسراوە.
ناوی شارەکە بە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لە سەرەتا کرا بە قەھرمانشەھر و دوای چەندێک کرا بە باختەران؛ بەڵام گۆڕینی ناو بوو بە سەبەبی ناڕەزایی خەڵکی شارەکە.
لە ئاکامدا بە ھەوڵی ئیسماعیل تەتەری نوێنەری کرماشان لە پەرلمانی ئێراندا، یاسایەک لە پەرلمانی ئێران پەسەند کرا کە ناوی شارەکە دیسانەوە بە کرمانشاھ بگۆڕێت.
ڕوانگەکان سەبارەت بە ناوی کرماشان
سەبارەت بە ناوی کرماشان ڕوانگەکانێکی جۆراوجۆر دەربڕاوە.
ھەندێک کەس پێیان وایە ناوی شارەکە کرمانشاھە و لە ئەسڵەوە نازناوی بەھرامی چوارەم بووە، کە لە سەدەی سێھەم تا چوارەمی زایینی پاشای شاری کرمان (لە ڕۆژھەڵاتی ئێرانی ھەنووکەیی) بووە و بەدوای دامەزرانی کرماشان ناوی ئەو پاشایە لە سەری شارەکە دانراوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی شارەکە لە زمانی کوردیی خۆیان «کرماشان»ی پێ دەڵێن.
محەممەد موکری، زمانەوان و لێکۆڵەری کورد پێی وابوو ناوی کرمانشاھ ئاخافتنێکی ھەڵەیە لە وشەی کرماشان کە بە ھەڵە باب بووە و لە وشەی کرمانچ یان کرمانج واتا وەرزێر (ڕەعیەت) گیراوەتەوە و بە باوەری ئەو بە واتای شاری ڕەعیەتەکانە.
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی (ھەژار) لە فەرھەنگی ھەنبانەبۆرینەدا، وشەی کرماشانی لە ڕێشەی کرمانج زانیوە کە بە واتای گوندیی کوردە، و بە باوەڕی ئەو وشەی کرماشان کۆرتکراوی «کرمانج شار یان کرمانجان»ە.
مێژووی کۆن
کرماشان کە لە ناوڕاستی زنجیرەچیاکانی زاگرۆسدا داکەوتووە، بەھۆی بارودووخی کەش و ھەوا و کوێستانی بوون خاوەنی ئەشکەوتەکان و حەشارگاکانێکی سرۆشتییە و یەکێک لە شوێنەکانی ھەرە گرینگی ژیانی مرۆڤی سەردەمی بەردین بووە.
شاری کرماشان و ئاقاری، لە بواری پاشماوەکانی شوێنی ژیانی سەردەمی پێش مێژوو زۆر زەنگینە و بۆ شوێنەوارناسەکان یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی کوردستان، ئێران، ڕۆژاوای ئاسیا و جیھان بە ئەژمار دێت. جگە لە شوێنەوارەکانی ناوچەکانێک وەکوو ھەرسین، دینەوەر یان ئارووناوا کۆنترین نیشانە لە ژیانی مرۆڤ لە شاری کرماشان لە ئەشکەوتی دووئەشکەوت لە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری کرماشاندا دۆزرایەوە کە ھی سەردەمی پالئۆلیتیکە (لەنێوان ١٢٠ ھەزار ھەتا ٤٠ ھەزار ساڵ پێش) و شوێنی ژیانی مرۆڤ (ڕەنگە نیاندەرتاڵەکان) بووە.
یەکەمین گوند لە جیھان لە نزیکیی کرماشاندا دامەزراوەتەوە و بۆ یەکەم جاڕ لە درێژای مێژوودا مرۆڤ لەم ناوچەیە لە ئەشکەوت ھاتووەتە دەرەوە و نیشتەجێ بووە و ژیانی گوندنشینیی ھەڵبژاردووەتەوە.
ھەروەھا یەکەمین کەرپووچی جیھان لەناوچەکانی دەوروبەری کرماشان دۆزرایەوە و ڕەوشتی دروست کردنی سواڵکیش بۆ یەکەم جاڕ لەم ناوچەیە بە دی ھینراوەتەوە.
شارستانیەتە کۆنەکان
بەپێی باوەری مێژوونووسان درێژایی پێشینەی شارستانیەت لە کرماشان دەگەرێتەوە بۆ نێوانی ١٢ هەتا ٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر، و بە پێچەوانەی زۆربەی شوێنەکانی دیکە کە تەنیا لە یەک سەردەمی مێژوویی ئاوەدان بوونە ئەم شوێنە لە هەموو دەورەکانی مێژووی شارستانیەتی مرۆڤ شوێنێک بۆ ژیان و شارستانیەت بووە.
لە سەردەمی کۆنەوە شاری کرماشان وەکوو دەرگای چوونەژوورەوە بۆ ئاسیا لە لایەن مێزۆپۆتامیا بووە و گەورەترین ڕێگای پەیوەندی لەنێوان ناوچەکانی ناوەندیی ئێرانی هەنووکەیی، و هەروەها وڵاتانی چین و ھیندستان لەگەڵ دانیشتووانی مێزۆپۆتامیا کە ڕێگای شاھانەی پێ دەوترێت، لە شاری کرماشان دەپەڕییەوە.
